Diyar Aziz Shareef

Writer

Photos from Diyar Aziz Shareef's post 08/01/2023

ئەلیف شەفەق : ئەدەب هەڵگری بەرەنگارییەکی ناوەکییە
ئەنجامدانی دیمانە: کەرێن ئێلکایم
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: دیار عەزیز شەریف

ئەلیف شەفەقی نووسەری بەرەگەز تورک حەزدەکات " پرد لەنێوان خەڵک دروست بکات". رۆمانە تازەکەی قسەکردنە لەسەر ململانێیەکی دڵتەزێن و لە گرێژنەدەرچوو لە قوبرس. ئایا لە رەگهەڵکێشان لە خاکێک دەکرێ کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر نەوەکانی داهاتوو دابنێت ؟ ئایا خۆشەویستی بەسە بۆ تەواو ساڕێژکردنی برینەکان ؟
بە رەنگینی و کەشخەیی سرووشتی خۆیەوە، دەمانتوانی ئەلیف شەفەق بە درەختێکی جوان ئاماژەپێبدەین، بەڵام ئەمە دەبوو بە فەرامۆشکردنی بەهرەی ئەو وەک نووسەرێک و خولیابوونی بە درەختەکان. ئاگاداری نەرم و نیانیەکەی بە، رۆمانەکانی و خاوەندارێتیکردنی بۆ پرسەکان تەواو سەرسەختن. بەرگریکردنی لە ستەملێکراوەکان یان لەبیرکراوەکان ئەوی لەگەڵ تورکیا تووشی کێشە کردووە، وڵاتێک هەمیشە لەنێو رۆمانەکانی دەردەکەوێتەوە (بۆ نموونە. زۆڵەکەی ئیستانبول)، بەڵام لێی قەدەغەکراوە بۆی بچێت. بەڵام خۆشەویستی و خەیاڵکردن وەستانی ئەدەبیی ناناسن...ئەمجارەیان رێنوێنی دەکەن تاوەکو بە ئادە بگەین. لەبەرچی ئەو دوای مەرگی دایکی هاوارێکی وای لێهەڵدەستێ ؟ هاوارێک بێدەنگییە رەسەنەکەی خانەوادەکەی دەشکێنێت. رابردوو و ئێستا جێگۆڕکێ دەکەن بۆ شوێنپێهەڵگرتنی کارەساتی شەڕی ناوەخۆی قوبرس. ئا لێرەوەیە کە گێڕەڕەوەیەکی سەیر دڵی رۆمیۆ و جولیێتی لۆکاڵییمان بۆ دەکاتەوە. چیرۆکێکی مەزنی یادەوەری و هیوا، سەرەڕای دڵشکانەکان و تامی دەسەڵات.
تۆ دەنووسیت کە " کۆمەڵێک شت هەن سنوور ناتوانێت رێگە لە تێپەڕبوونیان بگرێت". ئەدەب بە چ شێوەیەک یارمەتیت دەدات تاوەکو بەشەکانی جیهان و خودی خۆیشت تێبپەڕێنیت ؟
ئەلیف شەفەق: پرسیارێکی چەند جوان و سەرنجڕاکێشە. من هەموو کاتێک ئەو شتانەم لا گرنگ بووە کە سنوورەکان تێدەپەڕێنن. ئێمە ئارەزووی ئەوە دەکەین جێی خۆمان لەنێو عەشیرەتەکان، وڵاتەکان یان ناسنامە نەتەوەییەکان بگرین، بەڵام ئەدەب دوورتر لەودیوی هەموو ئەمانە دەڕوات. ئەدەب بەیەکتریمان دەبەستێتەوە، بەبیرمان دێنێتەوە کە ئێمە ئەوەندە لەیەکتری جیاواز نین. بەم شێوەیە، ئەدەب خاوەنی بەرەنگارییەکی ناوەکییە.
بۆچی " بەنزیکەیی مێژوویەک بەدی ناکرێت لەلایەن دۆڕاوەکانەوە گێڕدرابێتەوە" ؟
ئەلیف شەفەق: زۆربەی ئەو مێژووانە بەشێوەیەکی پیاوانە گێڕدراونەتەوە. من لە تورکیا هاتووم، وڵاتێک کە نەخۆشی لەبیرچوونەوە دەچێنێت سەرباری مێژووە دوورو درێژەکەی. ئەو کونج و کەلەبەرانەی کە نەتەوەپەرستەکان و ئیسلامییەکان بەهەموو هێز و توانایانەوە هەوڵی پڕکردنەوەیان دەدەن. ئەم یادەوەرییە سەپێنراوە تەنها یەک گێڕەڕەوەی هەیە. من پێچەوانەکەی دەکەم بە پێدانی دەنگ بە کەمینە لەبیرکراوەکان یان چەوساوەکان. بەنزیکبوون لە کەنار، من هەمیشە هەستم بە جیاوازبوون کردووە، وەک ئەوەی لەیەک کاتدا کەسێکی بێگانە و خەڵکی وڵاتەکەش بم. گۆشکراو لەلایەن دوو ژنی دووبەرەکیانە (دایکێکی دیپلۆماتکار و داپیرێکی نەخوێندەوار و زۆر تەقلیدی)، من لەگەڵ قوتابخانەی تورکی ئاوێتە نەبووم کە تەنها یەک دیدگا بۆ دنیای بەسەرمدا دەسەپاند. من بوومە نووسەرێکی کۆچبەر لەنێو زمانێکی تری جگە لە زمانی ئەو (ئینگلیزی). بەڵام بەهۆی ئەم هەستی ئاوارەییەوە، من کەسێکی دیم، تەنانەت هەموو ئەوانی دیکەشم.
ئەم رۆمانە بەوردی دەنگ بەو کەسانە دەبەخشێت "کۆچبەرەکان، پەناهەندە یان خەڵکێکی لە رەگهەڵکێشراو". چ شتێک راتدەچڵەکێنێت و پەستت دەکات لە پەیوەست بەو جۆرە مامەڵەیەی لەگەڵیاندا کراوە؟
ئەلیف شەفەق: چ مانایەک دەگەیەنێت رەگ و ریشەت هەبێت یان رەگهەڵکێشراو بێت ؟ من تۆمەتباردەکەن بەوەی " کەسێکی گەردوونیی بێ رەگ و ریشەم"، بەڵام بۆچی مرۆڤەکان بە خاک یان نەتەوە دەبەستینەوە، نەوەک بە ئاسمان؟ لە جیاتی جێگیربوون و ناوازەبوون، ناسنامە دەکرێ چەند رەگ و ریشە یان گرێدراوبوونێکی بەیەکەوە هەبێت. دەتوانیت خاکی باب و باپیران و زێدی خۆت خۆشبووێت، لەو کاتەی کە هەست بە گرێدراوبوونت بە ناوچەیەکی تری جیهان دەکەیت. بەپێچەوانەی ناسیۆنالیستەکان، من هاووڵاتیەکی جیهانم.
لەم رۆژگاری دڵەڕاوکێ و پشێوییەدا، لەوە دەچێت ئێمە بێباک بین لە چارەنووسی کۆچبەران کە هەر رۆژ رووبەڕووی مەرگ یان ئازارچەشتن دەبنەوە. بەهۆی کورتکردنەوەیان بۆ تەنها ژمارەکان، ئێمە لەبیرمان دەچێت کە ئەوانیش وەکو من و تۆ مرۆڤن. جگە لەوەش وێرانبوونی کەش و هەوا رۆژێک دێت، هەر یەکە لە ئێمە، دەکاتە پەناهەندە. بەداخستنی دەرگاکانی سنوورەکانمان، ئێمە وا باوەڕدەکەین کە کێشەکان نامێنن. چ خۆشخەیاڵییەکە! سەیری نایەکسانییەکانی کوتانی کۆڤید بکە، کە تەنها بە یەکگرتن شکستی پێدەهێنرێت.
تۆ دەنووسی کە " ساتەوەختی وا هەیە لە ژیاندا، کە تێیدا ئێمە دەبێ هەموومان ببینە جەنگاوەر." ئایا وشەکان چەکە نموونەییەکە پێکدەهێنن ؟
ئەگەر ئێمە گێڕەڕەوەی چیرۆکەکان بین، ئەوا ساتەوەختی مێژوویی وا هەیە کە تێیدا نزیکبوونەوە لە جیهان یان سیاسەت دەبێتە شتێکی حەتمی. بەتایبەتی ئەگەر تۆ لە دیموکراسیەتە بریندارەکانەوە هاتبیت، وەک تورکیا. هەر کە دەستمان خستە سەر نایەکسانیی سێکسی، توندوتیژیی جێندەری، هۆمۆفۆبیا، سێکسیزم، راسیزم یان کەمینەکان، ئەوا ئێمە باسی سیاسەت دەکەین. مەحاڵە فێمینیست لە مندا بێدەنگ بکرێت، بۆیە من نووسەرێکی پابەندم. کتێبەکان باخچەی ناوەوەمان بەدەردەخەن...تەنانەت خوێنەرە کۆنەپارێزەکانیش دەتوانن داوەریکردنە پێشوەختەکانیان لەبیربکەن بە خوێندنەوەی مێژووی تورکەکان، قوبرسیەکان، ئەرمەنیەکان، جولەکەکان یان هاوڕەگەزبازەکان. بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بوونەوەرەکانی تر، ئەوان جارێکی تر دەبنەوە بە مرۆڤ.
ئەم کتێبە ماوەی ساڵانی حەفتاکان لە قوبرس لەخۆدەگرێت، بەشێوەیەک " هێڵێکی سەوز بوونی هەبوو کە یۆنانییەکانی لە تورکەکان و مەسیحییەکانی لە موسڵمانەکان جیادەکردەوە." بۆچی ئەم مێژووە نەزانراو بوو؟
ئەلیف شەفەق: مێژووی نەزانراو لە هەموو شوێنێک هەیە، تەنانەت لەلایەن وڵاتە کۆلۆنیالیستەکانیش. قوبرس داگیرکاریی عوسمانی یان ئینگلیزی بەخۆیەوەبینی، کە ئاگری لە توندوتیژییە ئیتنیکییەکان بەردا. ئێمە دەبێ لەم بابەتە تێبگەین، بۆئەوەی یارمەتی خەڵکەکەی بدەین تاوەکو بەیەکەوە ئیش لەسەر رابردوویان بکەن. زۆرێک لە گەنجان یان ژنان ئارەزووی بنیاتنانی ئاشتی دەکەن. بۆ نووسینی ئەم رۆمانە، چاوم بەو کۆمیتە خۆبەخشە کەوت کە خەریکی هەڵکۆڵین بوون بۆ گەڕان بەدوای بێ سەروشوێنەکان، بێ سەروشوێنەکانی سەردەمی شەڕی ناوەخۆی ساڵانی حەفتاکان. ئامانجەکە : رێوڕەسمی ناشتنیان بۆ بکرێت، بۆئەوەی دواجار نەوەکانیان بتوانن ماتەمینیان بۆ بگێڕن. ئێمە ئەم دیاردەیە لە ئیسپانیا، ئەمریکای باشوور، بۆسنە، پۆلۆنیا یان لە عێراقیش بەدی دەکەین. یادەوەری شتێکی بنەڕەتییە چونکە ئەوەی نەتوانرێ راستبکرێتەوە ئەوا بە دووبارەکردنەوەی خۆی کۆتایی دێت. من گرنگی بە مێژوویەک دەدەم کە بە بێدەنگی سپێردرا بوو بێت، بە هی نێو خێزانەکانیش. هەرچەندە من لە تورکیا گەورە بوومە، بەڵام بەسەرهاتی تراژیدیی قوبرس ئامادەییەکی زۆری لەنێوماندا هەبووە. کاتێک مرۆڤەکان یەکتری لەت و پەت دەکەن، ئەوا بە لەناوبردنی ئاژەڵەکان و درەختەکان کۆتایی پێدێنن.
" ئێمەی درەختەکان تەنها دەتوانین چاودێری بکەین، چاوەڕوانی بکەین، شایەتی بدەین " وەک نووسەرێکی تورک، هەست بە شایەتحاڵی چی دەکەیت ؟
ئەلیف شەفەق: پرسیارەکەت بەرمدەکەوێت چونکە ئێمە خۆمان لەنێو چوارڕیانی مرۆڤایەتی دۆزیوەتەوە. بواری " گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی" تێدا نابێت : جیهانی کۆن خەریکە بەسەردەچێت و نوێیەکەش هێشتا لە دایکنەبووە. بەترسناکبوونی ئەم ساتەوەختە نادیارانە، ئێمە بە دەرکەوتنی دیماگۆگییەکان دەبینین کە چارەسەرییە ئاسانەکان دەخەنەڕوو. لە کاتێکدا لەم سەردەمەی کۆڤید دا، ئێمە پێویستیمان بە هاوسۆزی و هاودەنگی هەیە، کەچی شایەتحاڵی هەڵکشانی ناسیۆنالیزمین. پاشەکشەکردن لە مافەکانی ژنان ئەوە پیشان دەدات کە هیچ شتێکی بۆ نەکراوە، لە کاتێکدا ژنان و کەمینەکان پێشەنگی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبن. لەبەرئەوەیە، من تامەزرۆی خوشکایەتیم. من درەختەکانم خۆشدەوێت هەتا رادەی لە باوەشگرتنیان، بەشێوەیەک وا دیارە بۆ من پەیوەندییکردنەوە بە سروشت کارێکی زۆر پێویست و دەسبەجێ بێت. ئێکۆ-فێمینیزم ئەم بەهایانە باش بەرجەستە دەکات چونکە مەیلی وێرانکردنی ژینگە و ژنان لە ئارادایە. لە ئێستادا، ٨٠% خەڵکی بەهۆی قەیرانی کەش و هەوا کۆچ دەکەن. لەم نێوەدا ژنان و منداڵان گەورەترین ئێش و ئازار بەدەست توندوتیژییەوە دەچێژن.
چۆن بیرۆکەی ئەوەت بۆ هات کە وا لە درەختێکی هەنجیر بکەیت قسە بکات و چۆن "درەختەکەی ناوەوەت" تێیدا رەنگدەداتەوە ؟
ئەلیف شەفەق : ئەم دار هەنجیرە جەوهەری و رۆحییە. هەم کتێبی پیرۆز و هەم ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە ئەفسانە جیهانییەکان درەخت وەک توخمێکی بنچینەیی وەردەگرن (بڕوانە، درەختی سێو لە باخچەی عەدەن). درەختەکان لە رووی زەمەنییەوە پێش ئێمە کەوتوون و ئێمە بە زیندوویی دەهێڵنەوە، کەواتە ئەوان شایەدحاڵی ناوازەی بوونمان، خۆشی و ناخۆشییەکانمانن. درەختەکەی ناوەوەم بنەڕەتی دەردەکەوێت. ئەوە لەسەر منە کە بە بەردەوامی خۆراکی پێبدەم. ژنان زۆرجار بەخراپی دەیهێڵنەوە، لەبەرئەوەی ئەوان لەبەرامبەر خودی خۆیشیان رەقن، بەڵام ئێمە دەبێت سۆز و بەزەییمان لەبەرامبەر خۆمان هەبێت.
ئەو خەمناکییەی نێوان نەوەکان چییە کە ئادەی گەنج بەرجەستەی دەکات ؟
ئەلیف شەفەق: من باوەڕم بە دەسەڵاتی هەستەکان و چیرۆکەکان هەیە، بەڵام ئەوەی لە هەمووی زیاتر بەلای خۆیدا باڵکێشم دەکات، ئەوە بێدەنگییە خێزانییەکانە کە ئێمە بە میرات وەریدەگرین. ئێش و ئازارەکانمان، زەبرە دەروونییەکانمان و پەشیمانییەکان کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر نەوەکانی داهاوتوو هەیە. ئەم رۆمانە بەدواداچوون بۆ ئەم یادەوەرییەی نێوان نەوەکان دەکات و دەیخاتەڕوو تاوەکو تارمەتیمان بدات بۆ بینینی دونیا بەشێوەیەکی تر.

پرد لەنێوان بوونەوەرەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ دروست دەکات. ئادە میراتێکی تێکەڵ لە خۆیدا بەرجەستە دەکات، بەڵام ئەو بەتەنها ناتوانێت سەریان لێ دەربکات. زۆربەی گەنجان ئەو هەستەیان لا دروست بووە کە نەوەکانی پێشوو ئەم جیهانەیان وێران کردووە. گەنجان لە بەرامبەر نادیاریی رابردوو و داهاتوو بەلادا دێن و دەچن.
هەڵکێشراو لە تورکیای خاکی خۆت، ئایا هەستی ئاوارەبوونێکی هەتا هەتایی لەلات دروست بووە یان دەکرێ رەگ و ریشەکەت لە شوێنێکی تر بچێنرێتەوە ؟
ئەلیف شەفەق: وەڵامدانەوەی قورسە، ئەوەندە بەقورسی وشەی ئاوارەیی دەلالەتەکانی هەڵگرتووە، بەڵام ئەوە راستە کە منی لە قاڵب داوە. من چییدکە ناتوانم بگەڕێمەوە تورکیا چونکە هەڵوێستە یەکلاکەرەوەکانم راستەوخۆ رووە زیندانم دەبەن. سەرباری خەمگینییەکە، من باوەڕم وایە ئێمە شوێنەکانمان لە خۆماندا هەڵگرتوووە. دواتریش، چ دەوڵەمەندییەکە کە گرێدراوی کولتوورەکانی تر بیت. لەگەڵ ئەوەش بوونێکی لێکترازاو لەنێومدا هەیە، چونکە شتێک هەمیشە دەمباتەوە بۆ بنەچەکەم یان بۆ منداڵییم. هەرچەندە دەتوانین رەگ و ریشەکانمان لە شوێنی تر بچێنینەوە، ئەوا ئێمە وەک درەختێکی بریندار دەمێنینەوە، " دارێکی کۆچبەر ". من بە چاندنی تۆوەکانی ژیان لەنێو کتێبەکانمدا ساڕێژی دەکەم.
لێرە، تۆ هەروەها خۆشەویستییە ئەستەمەکانیش دەچێنیت. بۆچی ئەم خۆشەویستییە ئەستەمانە باجێکی زۆر دەدەن ؟
لە رۆژگاری جەنگ یان توندوتیژی و دابەشبوونە خوێناوییە ئیتنیکییەکان، خۆشەویستییە قەدەغەکراوەکان باجی قورس دەدەن، بەڵام هاوڕێیەتی و ئیرۆس لە رق و کینە بەهێزترە. لەم قوبرسەی ١٩٧٤ دا، تۆ مافی ئەوەت نییە کەسێکت خۆشبووێت کە لە خوێن، پلە و پایە یان ئایینی تۆ نەبێت. بەڵام " رۆمیۆ و جولیێت " وەک ئەفسانەیەکی گەردوونی دەمێنێتەوە. رق نیگەرانم دەکات، چونکە هەرگیز هیچ لە مێژوو فێرنابین. وا باوەڕدەکرێت لەسەر هێڵێکی راست و رێکخراو و پێشکەوتوو درێژەی هەیە، کەچی ئەستەمە گەرەنتی ئەوە بکرێت کە بەیانی یەکسانیخوازانەتر دەبێت. بەپێچەوانەوە، دەکرێ بگەڕێینەوە دواوە و هەمان هەڵەکانی پێشوو دووبارە بکەینەوە. لەم سەردەمی قەیرانی پەتا، سۆسیۆ-سیاسی و ئیکۆلۆژی، ئێمە دەبێ پەرە بە هاوسۆزی زیاتر بدەین.
تۆ دەنووسیت " پردەکان تەنها ئەو کاتە لە ژیانماندا ئامادەییان دەبێت کە ئێمە ئامادەی پەڕینەوە بین"، بۆچی ؟
ئەلیف شەفەق: لەبەرئەوەی ئێمە هەموو کات ئامادەنین بچین بە بە شوێنێک، چیرۆکێک یان کەسێک ئاشنابین. مەسەلەکە ساتەوەختێکی دەوێت، تەنانەت رێککەوتێکیش بێت. خۆشەویستی دەمانگۆڕێت، بەڵام ئەمە بەس نییە. ئەمە بۆ نووسینیش راستە...کاتێکی زۆری ویست تاوەکو من توانیم ئەم رۆمانە لەسەر قوبرس بنووسم، بەڵام کتێبەکان روومتێدەکەن کە من ئامادەم باوەشیان بۆ بکەمەوە. ئەم وانە سۆفیگەرییە مەبەست لێی لێگەڕینێکی بێ کۆتاییە...
دایکی ئادە " بوێر، رۆحێکی راستەقینەی ئازاد" بوو. ئەی تۆ ؟
ئەلیف شەفەق : من نازانم (بەپێکەنینەوە). با بڵێین من حەزم لە ئازادی، یەکسانی و هەمەڕەنگییە، بەڵام ئەمە شتێکی نکۆڵی لێ نەکراوە کە من لەنێو نووسیندا هەست بە زۆرترین ئازادی دەکەم. خاکی رەسەنی من ئیدی خاکی چیرۆکانە. ئەمە ئەوە کە من بەتەواوی ئینتیمام بۆی هەیە.

سەرچاوە: https://www.fetedulivredebron.com/media/elif-shafak/

Silence on tue (encore) des Kurdes à Paris 01/01/2023

بێدەنگی ئێمە جارێکی تر کوردەکان لە پاریس دەکوژێت
کارۆل مان
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: دیار عەزیز شەریف
نزیکەی دە ساڵ دوای تیرۆرکردنی سێ خەباتکاری کورد لە ٩ کانوونی دووەمی ٢٠١٣، هێرشێکی تازە لە پاریس کراوەتە سەر ناوەندی کولتووریی کوردی. هەر ئەوها بەسادەیی رووداوێکی رەگەزپەستانەیە؟ پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت کە لە پەیوەست بە دۆسیەی تیرۆرکردنی هەر سێ خەباتکارە کوردەکە، ساکینە چانسیز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز لە ٢٠١٣، دەسەڵاتی دادوەریی فەڕەنسی بەهیچ شێوەیەک لێپرسینەوەی لەگەڵ تورکیا نەکرد. لە پێشنیوەڕی ٢٣ دێسێمبەر، هێرشێک لە دژی سەنتەر ئەحمەد کایا لە شەقامی ئۆنگیێن لە پاریس ئەنجامدرا، جارێکی تر سێ کوردی دیکە لەنێویاندا کوژران، بەگوێرەی عەگید پۆلات وتەبێژی کۆنسەی دیموکراتیکی کورد لە فەڕەنسا، یەک لەوانەی گیانیان لە دەستداوە ژنێکە کە بەرپرسی بزوتنەوەی ژنانی کوردە. هێشتا ٦ لەوانەی برینداریش بوونە باری تەندروستییان ناجێگیرە.
لەگەڵ ئەوەشدا نە میدیا نە سیاسەتمەدارانی فەڕەنسا نایانەوێت بە روون و ئاشکرا دان بە سیما سیاسییە دیارەکەی ئەم تیرۆرکردنە سێ ئەوەندەییە دابنێن: میدیاکان (هەروەها میدیاپارت و لیبێش). تەنها ئەوە نەبێت کە رۆژنامەی لوموند دواجار لەسەر ماڵپەڕەکەی لە کاتژمێر ٢٢:١٨ بەشێک قسەکانی عەگید پۆلاتی دانا کە تێیدا داوای لە دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی کردووە "واز لە دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ دەسەلاتدارانی تورکی و دڵخۆشکردنیان بهێنن کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر ئاساییشی کوردەکان"، دەشڵێت " دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی دەبێ ئێمە لەخۆبگرن و ئەم یارییە گاڵتەجاڕییە بوەستێنن". دیقەت بدەن چۆن لە کەناڵی فەڕەنسا ٢٤، لە کاتی پەخشی هەواڵەکان لە کاتژمێر ٨ ئێوارە وتارەکەی عەگید پۆلات رێک ئەو شوێنەی لێ قووتکرابوو کە تێیدا وتەبێژەکە خەریک بوو ئاماژە بەوە بدات تورکیا بەرپرسیارە لەم پرسە.
جێرارد دارمانینی وەزیری ناوەخۆ هەمان لێدوانی سەرۆک ماکرۆن دا کە ویستیان ئەم هێرشە بە نزیکەیی وەک رووداوێکی رەگەزپەرستانە بیبینن، زیاتر نا. بکوژەکە، خانەنشینێکی هێڵی شەمەندەفەر، وەک دەزانین تاوانبارێکی دووبارەبووەوەیە، ناسراو بووە بە هەوڵدانەکانی بۆ کوشتنی پەنابەران.
سەرنجبدەن ئەو ئازادکرابوو بەبێ ئەوەی ماوەی سزاکەی بەسەرببات کە بەهۆیەوە بەسەریدا سەپێنرابوو، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە چەند بە بێبایەخییەوە لە هێرشە رەگەزپەرستییەکان دەڕوانرێت، هەر بەراست. هەموو ئەمانە بەسە بۆئەوەی دادوەری گشتی پاریس لۆرا بێکیوۆ رایبگەیەنێت: " لە ئێستادا هیچ شتێک رێگە بە بوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی ئەم پیاوە بە بزوتنەوەیەکی ئایدیۆلۆژیی توندڕەو نادات"
ئەگەر حکومەت باسی "تاوانی قێزەون" دەکات ( بەدڵنیاییەوە هەر ئەوەندەشە کە دەیکات)، ئەوا سیاسییەکان پەلەدەکەن بۆ سوودوەرگرتن لە دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئایدیۆلۆژیی خۆیان. بەم شێوەیە پارتی چەپی رادیکاڵ وەکو پارتی سۆسیالیست بەپەلە پارتی راستڕەوی توندڕەو تۆمەتباردەکەن- و دارمانین وەڵامی ئەوانی دایەوە کاتێک لەبەردەم کامێراکانی شەقامی ئۆنگییەن لیستێکی ئەو رێکخراوە راستڕەوانە دەکات کە لە ماوەی رابردوو هەڵیانوەشاوندوونەتەوە. بەلای پارتی راستڕەوی توندڕەویش، ئەمە بەدڵنیاییەوە بێباکی گشتگیرە، " دڕندەیی گشتگیر" بەگوێرەی ئەریک زێمور کە خۆیشی لەژێر پرسیار دایە.
هەروەک لە فەڕەنسا، گرنگ نییە چ پرسێک بێت، گرنگ نییە چ تاوانێک روویدا بێت، شەڕێک یان تەنانەت کارەساتێکی سرووشتیش دەرفەتێک بووە بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی و ململانێیەکانیان لەنێو ئەنجوومەنی نیشتیمانی- و وەرگرتنی بینەران و خوێنەرانیش بۆ گەمژەیی. لەم نێوەدا، ئێمە بەتەواوی کوردەکانمان لە بیرکردووە و بەتایبەتی لەو شەڕە دڕندە و بێبەزەییەی کە ئەردۆغان لە دژی ئەوانی بەرپاکردووە. سەرباری ئەوەش، پارتی راستڕەو تەنها ئاژاوەگێڕییەکانی کوردەکانی پاریسی لەبیر دەمێنێتەوە کە دژی پۆلیس ئەنجامیاندا بۆ دەربڕینی توڕەیی و پەستبوونی خۆیان لە دژی تێنەگەیشتنی بەرفراوانی سیاسییەکان کە بۆ جارێکی تر لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکانیان رادەکەن.
با بگەڕێینەوە بۆ واقیعە زۆر قێزەونترەکە. دەبێ ئەوەمان لەیاد بێت کە لە پەیوەست بە تیرۆرکردنی هەر سێ خەباتکارە کوردەکە، ساکینە چانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لەگەڵ ئەوەی بەدواداچوونەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەمە کردەیەکی تیرۆریستی بووە، کەچی دەسەڵاتی دادوەری فەڕەنسی بەهیچ شێوەیەک لێپرسینەوەی لەگەڵ تورکیا نەکرد. ئەنقەرا یەکسەر بێتاوان دەرچوو تەنانەت کاتێک لەبیریشمانە کە لەسایەی کچ و کوڕە شەڕڤانە کوردەکان بوو کە هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا توانرا کۆتایی پێبهێنرێت- لانی کەم تا ئێستا چونکە ئەم بزوتنەوەیە خەریکە بەهێزەوە دەگەڕێتەوە-ئەمەش بە پشتگیریی ناڕاستەوخۆ (یان لەوانەیە راستەوخۆ)ی تورکیا، دەبێ دان بەوەدا بنرێت، تورکیا پێشوەختە لە ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٦ ئەم دەبڵ یارییەی دەکرد.
میدیاکانی فەڕەنسی گاڵتە بە بابەتی ئەم پیاوە پیرە فرانکۆ-فەڕەنسییە بوغزاوییە دەکەن کە لە گەمژەیەکی کەنەفت دەچێت، ئەمە جێی گومان نییە. بەڵام دەبێ بەڕاستی تا ئەو شوێنە ساویلکە بین کە پێمانوابێت دەزگای هەواڵگریی تورکی بکوژێکی نموونەیی لەوێ هەڵنەبژاردبێت؟ تا تاوانێکی ئەوها تەواو. یان نزیک لەوە ئەنجامبدات.
ئەو پرسیارەی خۆی قووت دەکاتەوە ئەوەیە بزانرێت کە بۆچی فەڕەنسا و ( ئەوانی تر) دەیانەوێت تورکیا بپارێزن. ئایا ئەندامبوونی لە ناتۆ گەرەنتییەکە بۆ دەربازبوونی لە سزا؟ ئایا ئێمە لەوە دەترسین کە تورکیا هەزاران پەنابەرمان بۆ رەوانە بکات کە لەڕووی تیۆرییەوە لەسایەی پشتیوانی دارایی ئەوروپی لەوێ هێڵدراونەتەوە؟ ئایا ئێمە متمانە بەو سوڵتانە خۆبەزلزانە دەکەین کە بۆ هێنانەدی ئاشتی لەنێوان ئۆکرانیا و روسیا، وەکو جورج بەدزییەوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەچێت، بەڵێنی سەرسوڕهێنەر و چەواشەکارانە لە هەموو شوێنێک دەدات و دڕۆنەکانیشی لەوێ بوەستێ؟ کەچی خولەکێک دواتر بۆچوونی خۆی دەگۆڕێت.
هەسارەی زەوی پێدەچێت لە ئێستادا کەوتبێتە ژێر هەژموونی تەماعەکانی نیو-فاشیزم، تەنانەت تۆتالیتاریەتیش. لەنێوانی پوتین، خامەنی و ئەردۆغان، ئێمە لێی دەخۆین...
ئەگەر رای گشتی بەتوندی لە دژی ئەو دەستدرێژییە تاوانکارییانە بێتە دەنگ کە سەرکردەکان لە مۆسکۆ و تاران ئەنجامی دەدەن، ئەوا کاتی ئەوە هاتووە هەمان شت لە دژی ئەنقەراش بکرێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقامی ئۆنگێین روویدا ئەوە تەنها سەری شاخێکی سەهۆڵینە کە پێشوەختە بەدەرکەوتووە. ئێمە هەموو شتێک لە دەست دەدەین ئەگەربێتو بەردەوام بین لە دەستپێوەگرتن بەم بێدەنگییە تاوانکارییە.


• کارۆل مان سۆسیۆلۆژیستی بواری کێشەی جێندەری و ململانێی چەکدارییە، بەڕێوەبەری دامەزراوەی "ژنان لەنێو جەنگ"ە؛ ئەو کۆمەڵناس و مرۆڤدۆستە بە رەچەڵەک فەڕەنسییە وەک دۆستێکی نزیکی ئەزموونی رۆژئاڤا و پرسی کوردە بەگشتی.

سەرچاوە:

Silence on tue (encore) des Kurdes à Paris Presque dix ans après l’assassinat de trois militantes kurdes le 9 janvier 2013, un nouvel attentat vient de se produire à Paris au Centre Culturel Kurde. Simple dérapage raciste ? Il faut se souveni…

26/12/2022

پرسی کوردەکان کاری ئێمەیە
‌هێرڤێ هامۆن
وەڕگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: دیار عەزیز شەریف
وڵاتەکەیان کە بە رۆژئاڤا ناودەبرێت، بە هەوڵ و تێکۆشانێکی مەزن لە ٢٠١٢ لە سەروبەندی “بەهاری عەرەبی” کۆنترۆڵیان کرد. ئەوان نیشتیمانەکەیان لەنێوان دیجلە و فورات ئاواکرد، خاکێک کە چوار ئەوەندەی لوبنان گەورەترە لەسەر بنەمای پرەنسیپە بەهێزەکانی : عەلمانیەت، یەکسانی لەنێوان ژنان و پیاوان، گرنگیدان بە ژینگە بەڕێوەی دەبەن. دژ بە ئەسەد، و لەگەڵ مەسیحی و عەرەبە هاوپەیمانەکانیان لەنێو هێزەکانی سوریای دیموکراتیک.
لە ماوەی شەڕی سوریا، ئێمە سەرسامی ئازایەتی ئەوان بووین، بەتایبەتی ژنەکانیان لە بەرەی شەڕدا. ئەوان قەڵای ئێمە بوون لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی کە بە قوربانیدان بە گیانی ٣٦ هەزار شەڕڤان لە کۆبانێ -یەوە (٢٠١٤) هەتا رەققەی “پایتەختەکە” (٢٠١٧)، رایانماڵین، ئەو راماڵینەی کۆتایی بەوە هێنا کە خۆی بە خەلافەتی ئیسلامی ناساندبوو. ئێمە ئەوانمان وەک سەری رمی خۆمان، قەڵغانمان دەزانی، بەڵام دۆناڵد ترامپ، لە ٢٠١٩، پشتی خۆی تێکردن، مەیدانەکەی بۆ تورکەکان چۆڵ کرد تاوەکو بە ئارەزووی خۆیان بتوانن ئەوەی کە بونیادنرابوو لێکی هەڵبوەشێننەوە. ئەردۆغان، کە بەدرێژایی ٨٠٠ کیلۆمەتر دیوارێکی لەنێوان تورکیا و رۆژئاڤا دروستکردووە، تاکە خەون و خەیاڵ و وەسوەسەی پەلاماردان و لەناوبردنی گەلی کوردە، وەکچۆن رۆژگارێک باب و باپیرانی هەمان پەلاماردان و کۆمەڵکوژییان لە دژی ئەرمەنییەکانیان ئەنجامدا. ئەردۆگان نیازی دامەزراندنەوەی ئیسلامییەکانی لەسەر ئەو خاکە هەیە کە داعش بیرو مۆڕاڵی خۆی تێیدا سەپاندبوو، و چوار جار، هێرشی کردە سەر کوردەکان بەبێ ئەوەی خۆرئاواییەکان، “دۆستەکانی کوردەکان”، ڕابچڵەکێن.
لە رۆژهەڵات، عێراق گەمارۆیەکی تەواوی سەپاندووە. لە خۆرئاوا، تورکە دزەکردووەکان خەریکی پاکتاوی ئیتنیکین، هاوکات سوپای عوسمانی بۆمبارانی قوتابخانە و گوندەکان دەکات. لە باشوور، ئەسەد، کە دەتوانێت پشت بە بەئاگایی ئیران ببەستێت، لە دەرفەتێک دەگەڕێت بۆ تۆڵەسەندنەوە. ئێمە دەزانین تورکەکان خۆیان بۆ دوایین هێرش و پەلاماردان ئامادە دەکەن. ئەوان دەستیان بەسەر بەنداوەکانی دیجلە و فوراتدا گرتووە، ئاوی تەندروست بۆ ئاژەڵان و بەروبومی کشتوکاڵی نەماوە. رۆژئاڤا لەسەر لێواری برسێتی دایە، لە چاوەڕوانی جەنگەکە. فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەردۆغان بەوردی ئامانجەکانیان دەستنیشان دەکەن و دەپێکن، سەرکردە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج – حەفتیان، کە زۆربەیان ژن بوون، کوژران.
لەو کاتەی ئێمە لەسەر سکرینی میدیاکان خەریکی مشتومڕ و دەمەتەقێین لەبارەی هەوڵی قێزەونی تیرۆرکردنی سەلمان روشدی، ئایا درکمان بەوە کردووە کە دەوڵەتی ئیسلامی هەڕەشەی دروستکردنەوەی خۆی لەسەر خاکی کوردی دەکات، بەدەست و بازووی یەک لە ئەندامە سەرەکییەکانی ناتۆ، “هاوپەیەمانەکەمان” ؟ مافی کوردەکان بەشێکە لە مافی خۆبەڕێوەبەریی گەلان، هەروەکو ئۆکرانیا. بێباکییە سەرلێدەرنەکراوەکەشمان بارگران بووە بە مەترسیگەلێک کە رۆژێک دێت بەشێوەیەکی کوشندە بەرۆکمان دەگرێت.

سەرچاوە:
https://www.letelegramme.fr/debats/courant-d-ere-les-kurdes-sont-notre-affaire-20-08-2022-13155859.php

رۆژنامەی تێلێگرام

Vous voulez que votre personnage public soit Personnage Public la plus cotée à Strasbourg ?
Cliquez ici pour réclamer votre Listage Commercial.

Type

Site Web

Adresse


Strasbourg
Autres Écrivain à Strasbourg (voir toutes)
Georg Simmel Georg Simmel
Strasbourg

Lacro Lemotjuste Lacro Lemotjuste
Strasbourg, 67000

✒️ Écrivain 📖 CopyWriter 🇫🇷 Si ma plume pouvait parler, je n'aurais pas besoin d'écrire.

Adonaï Éducation Adonaï Éducation
Strasbourg, 67000

SEALB SEALB
1 Place Des Orphelins
Strasbourg, 67000

Page officielle de la SEALB. Vous pouvez réagir, publier un post sur une nouveauté, vos photos de salon du livre...

Rachel Peyen - Auteur Rachel Peyen - Auteur
Strasbourg

Auteure de nouvelles et lectrice de tous bords, je partage ici les activités littéraires de la région

Mahreen Mahreen
Strasbourg

salem_khimoud salem_khimoud
Strasbourg

Islam Ki Batain Islam Ki Batain
Strasbourg

Al Hamdulillah

Sarah Brown Travel Sarah Brown Travel
Strasbourg

Follow my blog, read my articles, and join me on twitter as I explore and write about the world!

Chantal Robillard -officiel Chantal Robillard -officiel
Strasbourg

nouvelliste et poète, Chantal Robillard vous accueille sur sa page officielle.

Antoine LUVA et ses livres Antoine LUVA et ses livres
Route Du Polygone
Strasbourg, 67100

Venez visiter mon univers littéraire...quelques instants sur le chemin de mon imaginaire !!

Dora Breitman Dora Breitman
Strasbourg

Auteur d'un premier roman, paru aux éditions Maurice Nadeau: Demain, j'ai rendez-vous avec Bob Dylan